گرژییەکانی نێوان فەرەنسا و تورکیا زیادی کردووه

شەفەقنا کوردی- بەرپرسانی تورکیا ڕەخنە لە حکومەتی فەرەنسا دەگرن و دەڵێن، ئەو مامەڵەیەی بەرامبەر ئەنقەرە دەیکات هیچ ئەنجامێکی نابێت.
بەپێی هەواڵی شەفەقنا له ڕووداو، مەولوود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا لەگەڵ هاوتا سویسرییەکەی رایگەیاند، “بەرپرسانی فەرەنسا بە چاوسوورکردنەوە ناگەنە هیچ شوێنێک، ئیدی ئەگەر لە لیبیا بێت یان باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا یان عێراق یان دەریای ناوەڕاست”.

گەڕانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست
چەند ڕۆژێکە گرژییەکانی نێوان فەرەنسا و تورکیا زیادیانکردووە و هۆکارێکی سەرەکیشی پەیوەندی بە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە هەیە.
تورکیا لە ناوچە جێناکۆکەکانی ئەو دەریایە بەدوای نەوت و گازدا دەگەڕێت و ئەوەش وایکردووە کێشە لەنێوان تورکیا لە لایەک و یۆنان و ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا لە لایەکی دیکە دروستبێت.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، تورکیا کەشتییەکی بە مەبەستی گەڕان و یەکەیەک لە هێزی دەریایی ناردە ناوچەکە و حکومەتی یۆنانیش وەک کاردانەوەیەک بڕیاریدا یەکەیەکی سوپای وڵاتەکەی بنێرێتە ناوچەکە بۆئەوەی ئاگاداری جووڵەکانی تورکیا بێت.
ڕۆژی پێنجشەممەش حکومەتی فەرەنسا ڕایگەیاند، پێگەی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەهێزتر دەکات، ئەوەش وەک دەربڕینی پاڵپشتی لە یۆنان.
بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسا گرژییەکانی نێوان ئەنقەرە و پاریسی زیاترکرد، چونکە بەهۆی سیاسەتی دژ به یه‌ک لەبارەی لیبیا، ڕۆژئاوای کوردستان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان گرژی لە نێوان هەردوولادا پێشتریش هەبوو.
مەولوود چاوش ئۆغڵو لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەڤانییەکەیدا لە سویسرا گوتی “دەبێت فەرەنسا واز لەو هەنگاوانە بهێنیت کە دەبنەهۆی زیادبوونی گرژییەکان”.
ڕۆژی پێنجشەممەش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دایە وڵاتانی دیکە و گوتی “ڕێگە نادەین بچووکترین هێرش بێ وەڵام بمێنێتەوە”.
سەرۆکوەزیرانی یۆنانیش دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەی نایەوێت گرژییەکان زیادبن، بەڵام ئەوە واتای ئەوە ناگەیێنێت هیچ وەڵامێکیشیان نابێت.
کریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان لەو بارەوە گوتی “مەترسی هەر پێشهاتێک ئەو کاتە دروستدەبێت کە ئەو هەموو کەشتییە سەربازییە لەو ناوچەیە کۆدەکرێنەوە. لە دۆخێکی لەو جۆرەدا، بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنەی بارودۆخەکەی خوڵقاندووە. ئێمە پابەندین بە یاسای نێودەوڵەتی و هێزی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی تەنانەت ئاڵۆزترین کێشە. هەرگیز نابینە لایەنی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، بەڵام بەرگری لەخۆکردن یەکێکە لە ڕەهەندەکانی هێزی ئێمە. هیچ هەوڵێک بۆ توڕەکردنمان بێ وەڵام نابێت. پێشانمانداوە کە هەر کاتێک پێویست بووبێت وەڵاممان هەبووە و ئەگەر پێویست بکات، جارێکی دیکە هەمان شت دەکەین”.

وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانن
ئه‌مڕۆ هەینی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بیلاڕووس، کێشەی نێوان یۆنان و تورکیا لە دەریای ناوەڕاست و بارودۆخی لوبنان تاوتوێ دەکەن.
چاوەڕێ دەکرێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوە ئەوروپییەکە پاڵپشتی خۆیان بۆ یۆنان دووپاتبکەنەوە، بەڵام ئەوە واتای ئەوە ناگەیێنێت لە زیادبوونی گرژییەکانیش نیگەران نین.
ئەڵمانیا وەک یەکێک لە وڵاتانی کاریگەری ئەوروپا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە و بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە ئەنگێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ئەو وڵاتە لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی یۆنان قسەیکرد.
ستێفن شەیبێرت، گوتەبێژی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە بەرلین گوتی “ئەم گرژییانە جێگەی نیگەرانین. گرنگە کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەیان و ڕێگە نەدرێت بارودۆخەکە گرژتر بێت. هەروەها گرنگە هەردوو وڵات دەست بە دیالۆگی راستەوخۆ بکەن و پرسە یاساییەکان لەگەڵ یەکدی تاوتوێ بکەن”.

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here